ریبه‌ر ئاپ‌و
به‌شی یه‌که‌م
تا په‌یوه‌ندى نێوان ژن و پیاو ده‌رکى پێنه‌کرێت، هیچ کێشه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌پێى پێویست ده‌رکى پێناکرێت و چاره‌سه‌ریش ناکرێت. چونکه کێشه‌کانى په‌یوه‌ندى نێوان ژن ـ پیاو بناغه‌ى کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگا پێکدێنێت. دامه‌زراوه‌ى هاوسه‌رێتى که له کۆمه‌ڵگاى پله‌دارى و شارستانى به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کلایه‌نه به‌سه‌ر ژن‌دا ده‌سه‌پێنرێت، به‌مجۆره بناغه‌ى دامه‌زراوه‌یه‌کى کۆیلایه‌تى و پاشکۆیه‌تیه‌ک داده‌نرێت که له‌سروشتدا هیچ بوونه‌وه‌رێک تێیدا ناژیت و تایبه‌ت به کۆمه‌ڵگاى مرۆڤه. یه‌که‌مین ستاتۆى چه‌وسێنه‌رـ چه‌وساوه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى، چینایه‌تى و نه‌ته‌وه‌یى به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه هه‌ڵده‌کشێت. دیسان ئه‌و واقیعه له‌ژێر هه‌مووجۆره شه‌ڕ و پێکدادانێکدا شاراوه‌یه. ئه‌و شته‌ى مێژووى شارستانى به‌تایبه‌تیش دوا قۆناغه‌که‌ى، مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌دارى، شاردویه‌تیه‌وه، به‌شێوه‌یه‌کى پێچه‌وانه و نه‌رێنى پیشانیداوه ئه‌و راستیانه‌ى سه‌باره‌ت به ستاتۆى کۆیلایه‌تى ژنه؛ ژن که له کۆمه‌ڵگاى شارستانى ناوى له‌گه‌ڵ شه‌یتان هاوتا و یه‌کسان کراوه، له سۆسیۆلۆژیاى مۆدێرنیته‌دا ماڵیکراوترین که‌سایه‌تى کۆنفۆڕمیزمه[1]، وه‌چه‌خه‌ره‌وه و دایکى منداڵان و کارکه‌ره بێده‌ستهه‌قه‌که‌ى ماڵه‌وه‌یه.
تێگه‌یشتنى سه‌رجه‌م شێوه و ناوه‌ڕۆکى ئاستى ئه‌و کۆیلایه‌تیه‌ى به‌ده‌ستى پیاوى چه‌وسێنه‌ر و زۆرداره‌وه به‌هه‌زاران ساڵ ده‌رخواردى ژیانى ژن دراوه ده‌بووایه یه‌که‌مین هه‌نگاوى سۆسیۆلۆژیاى راستیه‌کان بێت. چونکه فۆڕمه‌کانى چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تى ئه‌و بواره شێوه‌ى به‌رایى سه‌رجه‌م شێوه‌کانى چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تى کۆمه‌ڵگایه. پێچه‌وانه‌که‌شى له‌جێگاى خۆیدایه. تێکۆشانى ئازادى و یه‌کسانى به‌رامبه‌ر ئه‌و چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تیه‌ى ده‌رخواردى ژیانى ژن دراوه، هه‌روه‌ها ئاستى ده‌ستکه‌وته‌کانى ئه‌و تێکۆشانه‌ش بناغه‌ى تێکۆشانى ئازادى و یه‌کسانییه به‌رامبه‌ر چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تى سه‌رجه‌م بواره‌کانى کۆمه‌ڵگا. هۆکارى سه‌ره‌کى په‌ره‌نه‌سه‌ندنى ته‌ندروستانه‌ى تێکۆشانى ئازادى و یه‌کسانى له‌مێژووی شارستانى و مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌داریدا و به‌ده‌ست نه‌هێنانى سه‌رکه‌وتنێکى به‌هێز، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێنه‌گه‌یشتنى زهنیه‌ت و دامه‌زراوه‌کانى چه‌وسانه‌وه و کۆیلایه‌تی که ده‌رخواردى ژیانى ژن دراوه و شێوه‌ى پێدراوه. هه‌روه‌ها تێکۆشان له‌به‌رامبه‌ریاندا به‌بنه‌ما وه‌رنه‌گیراوه. پێشینان گوتوویانه؛ ماسى له‌سه‌ریه‌وه بۆگه‌ن ده‌بێت. کاتێک بناغه قایم و راست نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و ته‌لاره‌ى ئاوا ده‌کرێت خۆى به‌رامبه‌ر بچووکترین زه‌مینله‌رزه ناگرێت و له‌رووخان رزگارى نابێت. ئه‌و واقیعه‌ى له‌مێژوو و رۆژگارى ئه‌مڕۆماندا روویداوه پڕ له‌و نموونانه‌یه.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه؛ قاڵبوونه‌وه له‌سه‌ر دیارده‌ى ژن، هه‌روه‌ها له کاتى هه‌وڵه‌کانى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگا به سه‌رچاوه‌دانانى ژیانى ژن بۆ هه‌وڵه‌کانى ئازادى و یه‌کسانى؛ هه‌م پێویسته ببێته رێبازى سه‌ره‌کى، هه‌م ببێته بناغه‌ى هه‌وڵه زانستى و ئه‌خلاقى و ئیستاتیکه‌کان. رێبازێکى توێژینه‌وه‌ى بێبه‌ش له راستى ژن، تێکۆشانێکى ئازادى و یه‌کسانى که ژنى نه‌کردبێته ته‌وه‌ره‌ى خۆى به‌حه‌قیقه‌ت ناگات، ئازادى و یه‌کسانیش ده‌سته‌به‌ر ناکات.
به‌رله‌هه‌موو شتێک پێناسه‌کردنى ژن و ده‌ستنیشانکردنى رۆڵه‌که‌ى له‌ژیانى کۆمه‌ڵگادا بۆ ژیانى راست مه‌رجه. به‌هۆى تایبه‌تمه‌ندییه بایۆلۆژى و ستاتۆ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ى ژنه‌وه ئاماژه به‌و داوه‌رییه ناکه‌ین. وه‌ک که‌ینونه و بوونێک ده‌سته‌واژه‌ى ژن گرنگه. به‌و راده‌یه‌ى ژن پێناسه بکرێت ئه‌گه‌رى پێناسه‌کردنى پیاویش هه‌یه. له‌میانه‌ى ده‌ست پێکردن به پیاوه‌وه ناتوانین پێناسه‌یه‌کى راست بۆ ژن و ژیان بکه‌ین. بوونى سروشتى ژن له‌پێگه‌یه‌کى ناوه‌ندى تر دایه. له‌بوارى بایۆلۆژیشه‌وه دۆخه‌که به‌مجۆره‌یه. بچوککردنه‌وه‌ى ستاتۆ و بێکاریگه‌رکردنى ژن له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاى پیاوسالاریه‌وه پێویسته تێگه‌یشتنى راستى ژنمان لێبه‌ربه‌ست نه‌کات. سروشتى ژیان زیاتر په‌یوه‌ندى به ژنه‌وه هه‌یه. په‌راوێزخستن و به‌ده‌رنانى ژن له ژیانى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و راستییه ناگۆڕێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یسه‌لمێنێت. پیاو به هێزه له‌ناوبه‌ر و زۆرداره‌که‌یه‌وه له‌راستیدا له‌که‌سایه‌تى ژن‌دا هێرش ده‌کاته سه‌ر ژیان. به‌و سیفه‌ته‌ى باڵاده‌ستى کۆمه‌ڵگایه دوژمنایه‌تى پیاو بۆ ژیان و وێرانکردنى له‌نزیکه‌وه پابه‌ندى ئه‌و واقیعه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه که تێیدا ده‌ژیت.
کاتێک ئه‌و داوه‌ریه‌مان ده‌که‌ین به‌گه‌ردوونى ده‌شێت دوالیزمى وزه – مادده به‌بنه‌ما بگرین. به به‌راورد له‌گه‌ڵ مادده وزه سه‌ره‌کیتره. خودى مادده‌ش وزه‌ى به بونیاد بووه. مادده‌ش شێوه‌ی شاردنه‌وه‌ى وزه و بوونه‌که‌یه‌تى که بووه به فۆڕم. به‌و تایبه‌تمه‌ندێتیه‌وه مادده وزه ده‌خاته قه‌فه‌سه‌وه و لێشاو و جووڵه‌که‌ى ده‌وه‌ستێنێت. پشکى وزه‌ى هه‌ر فۆڕمێکى مادده لێک جیاوازه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌و جیاوازیه‌ى وزه‌ش جیاوازى نێوان فۆڕم و بونیاده مادییه‌کان ده‌ست نیشان ده‌کات. وزه‌ى مادده و فۆڕمى ژن له‌گه‌ڵ وزه‌ى مادده‌ى پیاو جیاوازه. ئه‌و وزه‌یه‌ى ژن هه‌ڵیگرتووه هه‌م زیاتره هه‌م چۆنیه‌تى وزه‌که جیاوازتره. فۆڕمى ژن سه‌رچاوه‌ى ئافراندنى ئه‌و جیاوازیه‌یه. کاتێک له سروشتى کۆمه‌ڵگا وزه‌ى پیاو بۆ ئامێره‌کانى ده‌سه‌ڵات ده‌گۆڕێت دۆخى شێوه و فۆڕمى ماددی به‌ده‌ست دێنێت. به‌و سیفه‌ته‌ى وزه‌ى سارده‌وه‌بووه شێوه‌کانى له‌ته‌واوى گه‌ردوون محافه‌زه‌کارن. بوون به پیاوى زاڵ یان باڵاده‌ست له‌کۆمه‌ڵگادا گه‌یشتنه به دۆخى شێوه‌گرتنى ده‌سه‌ڵات. به‌و حاڵه‌ته‌شیه‌وه ئه‌و وزه‌یه‌ى هه‌ڵیگرتووه زیاتر فۆڕمى به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌و وزه‌یه‌ى بۆ فۆڕم نه‌گۆڕاوه که‌مه و له‌که‌سانێکى زۆر ده‌گمه‌ندا رووده‌دات. هه‌رچى له ژندایه له‌زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌کاندا وزه نابێته فۆڕم و ناکه‌وێته ناو فۆڕمێکه‌وه. له ژن‌دا وزه دۆخى لێشاو و بزێوى خۆى ده‌پارێزێت. ئه‌گه‌ر نه‌خرێته ناو فۆڕم و هزرى پیاو و تێیدا به‌ند نه‌کرێت، ئه‌وا به سیفه‌تى وزه‌ى ژیان به‌رده‌وامى به‌لێشاو و بزێوى خۆی ده‌دات. جوانى و شاعیرێتی و پۆتانسێلى ماناى ژن که نه‌بووه به به‌سته‌ڵه‌ک له‌نزیکه‌وه گرێدراوى ئه‌و دۆخه‌ى وزه‌یه. بۆ تێگه‌یشتنى ئه‌و راستیه پێویسته له‌قووڵاییه‌وه ده‌رک به ژیانى زیندوو بکرێت.
په‌ره‌سه‌ندنى ژیانێک که به ژیانى مرۆڤ گه‌یشتووه ده‌شێت تا راده‌یه‌ک پێناسه بکرێت یان پێویسته پێناسه بکرێت. به‌رله‌هه‌موو شتێک پێویسته لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوون له‌باره‌ى مه‌به‌ستى ژیان بکرێت، بۆچى ده‌ژین؟ بۆچى ژیان درێژه به‌خۆى ده‌دات، خۆراکى پێده‌دات و به‌رگرى لێده‌کات؟ ئه‌گه‌ر بڵێین؛ ژیان پێویستى به‌خۆراک، پاراستن و زۆربوون هه‌یه، به‌هه‌ر حاڵ به‌شى وه‌ڵامدانه‌وه ناکات. ئه‌و پرسیاره‌ى دواى ئه‌وه زه‌قبکرێته‌وه بۆچى زاوزێ ده‌که‌ین، خۆراک ده‌خۆین و به‌رگرى له‌خۆمان ده‌که‌ین؟ کاتێک وه‌ڵامه‌که‌ى “له‌پێناو ژیان” بێت ئه‌وا ده‌که‌وینه ناو بازنه‌ى نه‌زۆک و به‌تاڵه‌وه. که‌وتنه ناو دۆخى دووباره‌ى بازنه‌ى به‌تاڵه‌وه وه‌ڵام نییه. ئاسته‌کانى زهنیه‌ت و دیارده‌ى تێگه‌یشتن که وه‌ک شێوه‌یه‌کى وزه تا ئاستى مرۆڤ په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌کردنى به‌خۆیه‌وه بینیوه هه‌ندێک سه‌ره‌داوى وه‌ڵام به‌ده‌سته‌وه ده‌دات. په‌ره‌سه‌ندنى گه‌ردوون تا ئاستى مرۆڤ هێزێکى واتا ده‌خاته‌ڕوو که به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌کردن دایه. ئه‌و راستیه پۆتانسێل یاخود وزه‌ى شاراوه‌ى گه‌ردوون وه‌ک بڵێى خوازیاره ئاشکرا بێت، ده‌رکى پێ بکرێت و به‌ئه‌نجامێکى به‌مجۆره بگات. پێویستى تێگه‌یشتن و حاڵی‌بوون ئاره‌زووى سه‌ره‌کى گه‌ردوونه. ئه‌و پرسیاره‌ى له‌و خاڵه به‌دواوه بوروژێنرێت پێویسته سه‌باره‌ت به خودى تێگه‌یشتن و حاڵی‌بوون بێت. ئه‌و شته چییه که خوازیاره تێى بگه‌ین و روون بێته‌وه؟ له په‌رتووکى پیرۆزدا خودا ده‌فه‌رمووێت “من نهێنى و په‌نهانیه‌ک بووم، بۆ لێتێگه‌یشتنم گه‌ردوونم ئافراند”، له‌وانه‌یه ئه‌وه وه‌ڵامێکى پرسیاره‌که‌مان بێت، به‌ڵام تێر‌و ته‌سه‌ل نییه. پێویستى تێگه‌یشتن یان بوون به بابه‌تى تێگه‌یشتن ته‌واو تێرى پێناسه‌کردنى واتا ناکات. به‌ڵام تا راده‌یه‌ک نهێنى ژیان ئاشکرا ده‌کات.
پێناسه ره‌هاکه‌ى هیگل یش له‌باره‌ى رۆحه‌وه مانایه‌کى هاوشێوه‌ی هه‌یه. به‌گوێره‌ى بۆچوونى هیگل له‌رێگاى رۆحى ره‌هاوه گه‌ردوون به‌شێوه‌یه‌کى مه‌عریفى و هوشیار بۆخۆى گه‌ڕاوه‌ته‌وه. گه‌ردوون که خوازیاره په‌ى پێ ببه‌ن یان لێى تێبگه‌ن له‌میانه‌ى مه‌عریفه‌ى فه‌لسه‌فیه‌وه ــ که به‌قۆناغى فیزیکى، بایۆلۆژى و کۆمه‌ڵایه‌تیدا تێپه‌ڕیوه و لێهاتووترین دۆخى مه‌عریفه‌یه ــ واته له‌رێگاى رۆح یان هزرى ره‌هاوه دڵنیابووه که خۆى ئاشکرا کردووه، به‌مجۆره‌ش خۆى کردووه به‌گه‌ردوونى ناسراو، ده‌رک پێکراو و سه‌رکێشیه‌که‌ى خۆى ته‌واو کردووه. ئه‌و داوه‌ریانه که پشکى گرنگى حه‌قیقه‌ت له‌خۆوه ده‌گرن مه‌به‌ستى ژیان له‌گه‌ڵ واتادا یه‌کسان ده‌کات. ده‌سته‌واژه‌ى “تیۆریا”ی فه‌لسه‌فه‌ى یۆنانیش ماناى هاوشێوه له‌خۆوه ده‌گرێت. وه‌ک ئه‌نجام “واتا” به‌ئیلاهیبوونى مرۆڤى به‌کۆمه‌ڵگابووه. لێره‌دا پرسیارى گرنگ ئه‌وه‌یه: به‌ئیلاهیبوونى مرۆڤى به‌کۆمه‌ڵگابوو یان ئه‌و هێزه‌ی واتا که به‌ده‌ستیهێناوه ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م ماناى گه‌ردوون بکات یاخود گوزارشتیان لێبکات؟ ئایا ده‌شێت زۆرترین واتاى (رۆحى ره‌هاى هیگل) به کۆمه‌ڵگابوون له‌گه‌ڵ خودى ماناى گه‌ردوونى هاوتا بکرێت؟ ئایا خودى کۆمه‌ڵگا بوونه‌وه‌رێکى ناته‌واو نییه؟ له دۆخێکى وه‌هادا ئایا ماناکه‌شى ناته‌واو نابێت؟……به‌رده‌وامه
[1] ره‌فتارى چاولێکه‌رى یان به‌دواکه‌وتن (CONFORMITY): بریتییه له ره‌فتارى که‌سێک که ده‌بینێت هه‌ندێک که‌س ره‌فتارێکى هه‌ڵه ده‌نونێنن، ئه‌ویش هه‌مان ره‌فتار ده‌کات، وێڕاى ئه‌وه‌ى ده‌زانێت که ره‌فتاره‌که‌یان هه‌ڵه‌یه، بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ راى زۆرینه دابێت و لێیان نه‌ترازێت. (وه‌رگێڕ)